TR KU SO
FB X
Kurdistan

لە سەر ئەرکی وەزارەتی بەرگری ئاڵمانیا نەخۆشخانەی پێشمەرگە بە فەرمی کرایەوە

سارا
Yazar
📅 31 Ocak 2019 16:31

پەیامی کورد  ...  لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و بە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەڵمانیا و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی پێشمەرگە بە فەرمی کرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2019.1.31 لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە فەرمی کرانەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە ڕاگەێندرا کە لەلایەن ئەڵمانیاوە درووست کراوە.

فەرماندەیەکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە ووتەیەکدا ڕایگەیاند: "هەروەک پێشتر ووتوومانە ئێستا ئێمە وەک ئەڵمانیا لە سێ کەرتدا پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین کە بریتین لە "بونیاتنانەوە، مەشقپێکردن و ڕاوێژای سەربازی" و هەتا ئێستا هیچ پلانێک بۆ هێنانی چەکۆچۆڵ لە ئارادا نییە".

شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی یەکی حەفتای پێشمەرگەی کوردستانیش لە ووتەیەکدا سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند: "سوپاسی پەرلەمان و حکوومەتی ئەڵمانیا دەکەین کە بەردەوام ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە کوردستان درێژە دەکەنەوە،"

شێخ جەعفەر باسی لەوەش کرد: "هیزەکانی ئەڵمانیا لە مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە، لە بەڕێکردنی نەخۆش بۆ دەرەوەی ووڵات و چارەسەکردنی پێشمەرگە بریندارەکان و دەوری بەرچاویان هەبووە و دوایین هەوڵیشیان دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پێشمەرگەیە کە بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە."

ئەو نەخۆشخانەیە لەسەر ئەرکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا تایبەت بۆ پێشمەرگە لە شاری هەولێر لە ماوەی یەکساڵدا درووست کراوە و بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری و دوو بەشی نەخۆشخانەی ئاسایی و فریاکەوتن لەخۆ دەگرێت.

Paylas: