TR KU SO
FB X
Kurdistan

"لە سیاسەت و بەرنامەی (بەرھەم ساڵح) بترسن"

سارا
Yazar
📅 05 Nisan 2018 21:52

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەینێت، ئەوان ڕێگە نادەن یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ”بە ناوی ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە“، خۆیان بە گۆڕان هەڵسێننەوە.

ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ھۆکاری ترسی یەکێتیی نیشتمانی لە گۆڕان، ڕایگەیاند: "یەکێتی ناحەقی نییە کە دەترسێت، لەبەر ئەوەی (بەرھەم ساڵح) لێیان جیا بووەتەوە و بەتایبەتیش ئیشیان لەسەر دەکات، بۆیە دەکرێ لە سیاسەت و بەرنامەی " بەرھەم ساڵح  بترسن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەڵامیان نادەینەوە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەڵێت: "هەق بە یەکێتی نادەین لەبارەی ھەڵپەساردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانمان گلەییمان لێ بکەن، چونکە ئێمە بۆ ڕێککەوتنەکە چووینە پێش و خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەش بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستانە و یەک خاڵی بۆ خزمەتی حزب تێدا نییە، بەڵام ئەوە ئەوانن و ناتەبایی لە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی وای کرد، کە ڕێککەوتنەکەمان ھەڵپەساردووە، تا دەبنە خاوەنی سەرکردایەتییەکی خاوەن بڕیار بە ھەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لە باڵەکانی نێو یەکێتی کرد و ڕایگەیاند: ”سەرکردایەتیی یەکێتی چەند باڵێکی لێ دروست بووە، باڵێکیان بەرھەم ساڵح بەتایبەت ئیشیان لەسەر دەکات، ھەروەھا دەتوانم بڵێم، ئێستاکەش زیاتر لە دوو باڵێ تێدایە و بۆچوونی جیاوازیان ھەیە و یەکناگرن".

ھێمن شێخانی باسی لەوەش کرد: "یەکێتی ئەوانی ڕەت کردووەتەوە و ئامادەیی تێدا نەبووە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ بکات، بۆیە کاتێک ئەوان ئامادەییان تێدا نەبێت، ئەوا ”ئێمە ڕێگە نادەین بەناوی ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە کە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستانە، بێن خۆیان بە ئێمە هەڵسێننەوە“.

Paylas: