یەکێک لە شارەکان داوای قەدەغەی ھاتوچۆی كردووە.. ھێشتا بڕیار نەدراوە
پەیامی کورد ... یەکێک لە شارەکان داوای قەدەغەی ھاتوچۆی كردووە.. ھێشتا بڕیار نەدراوە
وەزیری تەندرووستی رایدەگەێنێت ، ئەمڕۆ سەردانی رانیە و قەڵادزێیان كردووە و بەڕێوبەرێكی نوێیان بۆ تەندرووستی قەڵادزێ دیاری كردووە. سەبارەت بە دھۆكیش دەڵێ، راستە دۆخەكە خراپە، بەڵام بەردەوام ھاوكارییان دەكرێت و پێویستە ھاووڵاتیانیش پابەندی رێنماییەكان و خۆپارێزی بن.
وەزیری تەندرووستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دكتۆر سامان بەرزنجی، ڕایگەیاند : "ئێستا ئێمە لە سنووری رانیە و قەڵادزێین و بەڕێوبەرێكی نوێ بۆ تەندرووستی قەڵادزێ دانرا و كۆمەڵێك كەم وكورتییشیان ھەیە بۆیان چارەسەر دەكرێت و ڕەوشی تەندرووستی باشتر دەكەین، هەروەها پشتگیریی ھاووڵاتیان لە سیستەمی تەندرووستی، لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان خۆیاندایە، بۆ نموونە پاڵپشتیكردنی بەرپرسانی تەندرووستی، ئومێدبەخشە".
بەرزنجی ووتیشی، مەرجی كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی نەخۆشی كۆرۆنا، خۆپاراستنی ھاووڵاتیانە و لە دھۆك دۆخەكە راستە باش نییە، بەڵام ئەگەر خەڵك خۆی بپارێزێت، باشتر دەبێت و زووتر كۆنترۆڵ دەكرێت.
دەشڵێ، ھاوكاریی سیستەمی تەندرووستی پارێزگای دھۆك كراوە و بەردەوامیش دەبین لە ھاوكاریكردن، بەڵام پێویستە ھاووڵاتیانیش ھاوكار بن.
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، لە پارێزگای دھۆك پێشنیاز كراوە كە قەدەغەی ھاتوچۆ رابگەێندرێت ، بەڵام ئەمە تەنیا پێشنیازە و ھیچ بڕیارێكی لێ نەدراوە.
وەزیری تەندرووستی جەختیشی كردەوە، لە پارێزگای سلێمانی و ھەولێریش دۆخەكە باشترە و رۆژانە ئامارەكانیش بڵاو دەكەینەوە.