TR KU SO
FB X
Kurdistan

لە سنووری بانە سێ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون

Navas Jan
Admin
📅 22 Şubat 2022 17:28

پەیامی کورد... لە سنووری بانە سێ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون

لە دوو ڕووداوی جیادا لە سنووری نەوسوود و بانە لانی کەم چوار کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەشی لاقیانەوە بە سەختی بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری هەنگەژاڵ سەر بە شاری بانە لانی کەم سێ کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت بریندار بوون.

هەواڵنێری هەنگاو لە بانە ناسنامەی ئەم سێ کەسەی، فواد بەیتووشی ٢٤ ساڵە، کیانوش ڕەئووفی ٢٤ ساڵە و ئامانج (نازناو نادیار) ڕاگەیاندووە.

ئەم کۆڵبەرانە لاقیان بە سەختی پێکراوە و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی گوازراونەتەوە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە.

هەمان ڕۆژ کۆڵبەرێک بە ناوی ئەرکان مەحموودی تەمەن ٢٥ ساڵ لە سنووری نەوسوود بە هۆی تەقینەوەی مین لاقی بە سەختی بریندار بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە لانی کەم ٦ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

Paylas: