کۆلبەرێک لەناو خاکی هەرێم دەکۆژرێت
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری بانە و لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بە دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران، کۆڵبەرێک کوژراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوو لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کۆڵبەر بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و حەوت کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018-5-31، لە سنووری بانە کۆڵبەرێک بەناوی “کەماڵ محەمەدی” دانیشتووی گوندی سووراو، بە دەستڕێژی هێز ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە و تەرمەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش لەمبارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوی کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، کە بە گوللەیەک لێی دراوە و پێش ئەوەی بگاتە سلێمانی گیانی لەدەستداوە و پۆلیسی پێنجوێن لەمبارەوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە ئەو کۆڵبەرە لە کاتێکدا لێی دراوە، کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بووە. هەروەها لەو ڕووداوەدا هاوکات نۆ سەر ئەسپ و وڵاخی کاسبکاران دراونەتە بەر گولـلە و کوشتوویانن.