مەكتەبی سیاسی پارتی ، پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا مەسیح درودی خوای لەسەر بێت بڵاو کردەوە.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێ، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خوشك و برایانی مەسیحی دووپات دەكەینەوە و جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر چەسپاندنی پڕەنسیپی پێكەوەژیان و گیانی لێبووردەیی لە نێوان گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكاندا.
دەقی پەیامەکە:
پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح " سڵاوی خوای لێبێت "
بە بۆنەی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح " سڵاوی خوای لێ بێـت " گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشك و برا كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و، عێراق و جیھان بە گشتی دەكەین، هیوادارین هاتنەوەی ئەو یادە مایەی خۆشی و شادیی ھەموو لایەك بێت.
هەرێمی كوردستان هەمیشە لانەی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی و لێبووردەیی و نموونەیەكی راستەقینەی شەبەنگی برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی بووە، لەو سۆنگەیەوەش رۆڵی خوشك و برایانی كریستیانی كوردستان لە قووڵكردنەوەی ئەو كوولتورە دێرینە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و چەوسانەوە گرنگ و كاریگەر و بەرچاو بووە، بۆیە دڵنیاین رەگوریشەی ئەو شارستانیەت و مێژووە دەوڵەمەندە هەردەم ئاوا پتەوتر و بەهێزتر دەبێت.
جارێكی دیكەو لەو دەرفەتەدا پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خوشك و برایانی مەسیحی دووپات دەكەینەوە و جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر چەسپاندنی پرەنسیپی پێكەوەژیان و گیانی لێبووردەیی لە نێوان گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكاندا.
جارێكی دیكە جەژنتان پیرۆز بێت و هەر رۆژێكتان جەژن و شادی و بەختەوەری بێت...
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٥/١٢/٢٠١٩