مامۆستایەکی ئایینی لە ڕۆژهەڵات دەستبەسەر کرا
پەیامی کورد ... مامۆستایەکی ئایینی لە ڕۆژهەڵات دەستبەسەر کرا
مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە٤ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی ”ڕەسووڵ حەمزەپوور“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور خەڵکی گوندی ”خراپە“ و بەرنوێژی گوندی ”ئەندێزە“ی بەخشی لاجانی پیرانشار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگدار، هێزەکانی ئیدارەی ئیئتلاعات لە سێ ڕێیانی پەسوێ ئەو مامۆستا کوردەیان دەستبەسەر کردووە و دواتر ڕژاونەتە ماڵەکەی و ماڵەکەشیان پشکنیوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کران و یان ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور ڕوون نەبووەتەوە و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.