مامۆستایەکی زمانی کوردی لە کرماشان دەستبەسەر کرا
پەیامی کورد ... مامۆستایەکی زمانی کوردی لە کرماشان دەستبەسەر کرا
یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد و مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی شائابادی کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی تەشرینی دوومەی ٢٠٢٠، ئانیسا جەعفەری مێهر، خەڵکی شائابادی کرماشان کە چالاکێکی بواری کەلتووری و مامۆستا زمانی کوردییە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئانیسا جەعفەری مێهر، ماڵەکەیان پشکنیوە و کەل و پەلی تایبەتی ناوبراو وەکوو مۆبایل، کامپیوتێر، کتێب و نوسراوەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئانیسا جەعفەری مێهر، خوێندکاری کارناسی باڵای زمانناسی زانکۆی کوردستان و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری ئیسلام ئاوا (شاباد) و هاوکات و ئەندامی شۆرای نووسەرانی گۆڤاری وەرزی “ژ”یە.
ئەو چالاکە فەرهەنگییە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (١٧ی دێسامبری ٢٠٢٠) جارێکی دیکە و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەر کرانی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی کورد لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشان دەستبەسەر و و دوای ئەوەی بە نووسراوە بەڵێنییان لێوەرگرتبوو، ئازاد کرابوو.