ئەڵمانیا ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات
پەیامی کورد... ئەڵمانیا ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئیدانەی هێرشەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستانی كرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیمان لەتۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێگەیشت و سەركۆنەی هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی كوردستانی كردو رایگەیاند: بەزاندنی سەروەری خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان قبوڵكراو نیەو بۆ ئەم مەبەستەش لە نزیكەوە چاودێری روداوەكان دەكەن.
راشیگەیاندوە، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پشتیوانی ئەڵمانیای بۆ سەقامگیربونی دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتێك كە رەنگدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و رێزگرتن لە دیموكراسی بێت دەربڕی، هەروەها دڵنیاییدا لەوەی مانەوەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەدوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشكردوە، سوپاسی هاریكاریی و پشتیوانی بەردەوامی حكومەت و خەڵكی ئەڵمانیامان كردو خواستی هەرێمی كوردستانیشمان بۆ برەودان بە پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەڵمانیا دوپاتكردەوە.