ماوەی پێنج مانگە چارەنووسی دوو برای خەڵکی بانە نادیارە
پەیامی کورد … ماوەی پێنج مانگە چارەنووسی دوو برای خەڵکی بانە نادیارە
دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر دەستبەسەركردنی دوو برای خەڵکی بانە لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتەوە، تائێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی چارەنووسی ئەو دوو برایەوە لەبەردەست نیە.
سەرەتای مانگی ئایاری 2021 دوو برای خەڵکی گوندی بەردەڕەش-ی سەر بە شاری بانە بە ناوەکانی جەمال عەبدوڵڵایی و کەمال عەبدوڵڵایی لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەرکراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، ''ئەو دوو برایە دوای ئەوەی دەستبەسەرکراون، گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج مانگ، تائێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەیان هیچ ئاکامێکی نەبووە و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
رێکخراوەکە باسیلەوەشکردووە، ئەو دوو برایە تائێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەیان نەبووە و لە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەشکراون .
سەرچاوەکەی هەنگاو ئەوەشیختۆتەڕوو، تۆمەتەکان لە سەر ئەو دوو برایە ئەوەیە گوایە چەند کەسێکیان لە سنووری بانە دەربازکردووە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت دەستیان لە کوشتنی موحسین فەرخیزاده، زانای ئەتۆمیی ئێران هەبووبێت.