TR KU SO
FB X
Kurdistan

مەسروور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئاڵمانیای فیدراڵ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوو دەکات

سارا
Yazar
📅 15 Haziran 2019 22:06

پەیامی کورد   ...    ئەمڕۆ شەممە 15-6-2019 مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مارتن جایگەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، کە باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەبوون، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەلمانیا و دوا رەوش  و پێشهاتەکانی دەڤەرەکە بەشێوەیەکی گشتی تاوتوێ کران.
مەسروور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی رۆلی ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوکاری هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەڤەرەکە لەرێگەی گفتوگۆ کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە خوازیارە لەچوارچێوەی دەستوور و دیالۆگی بۆنیاتنەرانە پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن، چوونکە ئاشتی و سەقامگیری زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا لەئاماژەیەکدا بۆ کاری داهاتوو، مەسروور بارزانی جەختی لە فرەچەشن کردنی ئابووری ناوخۆ و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لەبەرامبەر داواکاری هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان بەمەبەستی گەشەپێدان و زیادکردنی وەبەرهێنانی بیانی کردەوە.

لەلای خۆیەوە  وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد بەبۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ  پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی ووڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دەکات.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا  کێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە خرانە بەرباس، کە بەهۆێ شەڕی تیرۆریستانی داعش تووشی زیان بوونە.

Paylas: