TR KU SO
FB X
Kurdistan

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکات

سارا
Yazar
📅 11 Haziran 2020 18:44

پەیامی کورد     ...    مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/6/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پلان و پڕۆژەکانی حکومەت لە بواری گەشەپێدانی کشتوکاڵدا کرا.

 وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بێگەرد تاڵەبانی راپۆرتێکی ووردی دەربارەی پلانەکان و ستراتیژی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ خستەڕوو بە تایبەتی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی زیدەڕۆیی بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.

 سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرینگی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کرد کە دەکرێ ببێتە کەرتێکی جێگرەوە و بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێت وەک سەرچاوەیەکی گرینگی داهات لە ڕێگەی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی بازاڕی گونجاو لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بۆ بەرهەمەکانیان. 

بۆردی باڵای پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە 2020/5/19 دامەزراوە و سەرۆکی حکوومەت سەرۆکی بۆردەکەیه و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو،، بازرگانی و پیشەسازی، پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەندامی بۆردەکەن.

Paylas: