TR KU SO
FB X
Kurdistan

مەسروور بارزانی پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کرد

سارا
Yazar
📅 27 Aralık 2018 20:58

پەیامی کورد ...   مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە " کاردینال پێترۆ پارۆلین "، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان و شاندی یاوەری کرد. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی دێسەمبەری ٢٠١٨ ، مەسروور بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەی دا پیرۆزبایی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینی لە کاردینال پێترۆ پارۆلین کرد و لە ڕێگەی ئەویشەوە بەو بۆنەیەوە سڵاوی تایبەتی بۆ قەداسەتی پاپا فرانسیس نارد. 

لەم دیدارەدا وێڕای گفتوگۆکردن لە سەر بارودۆخ و ڕۆڵ و ڕەوشی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، داڵدەدان و حەوانەوەی ئاوارە مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان بەرز نرخێندرا، لەوبارەوە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان جەختی لە کولتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی گەلی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند : وەک ھەمیشە مەسیحییەکان بە بەشێکی ڕەسەنی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانین و داڵدەدان و حەوانەوەشیان بە ئەرکی مرۆڤدۆستی گەلەکەمان دادەنێین. 

ھەروەھا ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ھیوای خواست، بەیارمەتی ھەموو لایەنەکان ، کەشێکی لەبار بخولقێندرێت بۆ ئەوەی برایانی کریستیان ووڵات بەجێ نەھێڵن و ڕەوتی کۆچ پێچەوانە ببێتەوە و بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە زێدی ڕەسەنی خۆیان. 

لەلای خۆیەوە کاردینال پیترۆ پارۆلین، سەرۆک وەزیران سوپاسگوزاری حکوومەتی ڤاتیکانی بە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و نزای بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە کرد. جگە لە ستایشکردنی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە داڵدەدان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئاوارەکان، دووپاتی کردەوە، ڤاتیکان لە پێشکەشکردنی یارمەتی و پشتیوانیەکانی بۆ پێشکەوتنی زیاتری ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

Paylas: