مەسرور بارزانی: رۆڵی زانایانی ئایینی لە گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیان جێگەی ستایشە
پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: رۆڵی زانایانی ئایینی لە گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیان جێگەی ستایشە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێك ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی زانایان دەكات و رایدەگەیەنێت "رۆڵی زانایانی ئایینی لە بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستاندا، جێی ستایش وپێزانینە".
دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە شێوەی خوارەوەیە؛
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان .
لە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم .
زانایانی ئایینی ئیسلاميی کوردستان، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە مێژووی ڕۆشنبیریی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەبووە. هەروەها رۆڵی زانایانی ئایینی لە بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستاندا، جێی ستایش وپێزانینە. هیواداراین زانایانی ئاینیی بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازی و لێبوردەیی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/9/21