مەکتەبی سیاسی پارتی سەبارەت بە پێكهێنانی کابینەی نوێ کۆدەبێتەوە
پەیامی کورد ... ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و لەبارەی رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گفتوگۆ دەکات.
بە پێی زانیارییەکان بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی کۆببێتەوە و دەربارەی ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکرێت.
پێشتر فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی پێنجشەممە مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، "هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لە 90%ی بڕیوە و بەربەستی گەورە لەبەردەم ماندا نەماوە، ئەوەی مابێت بەربەستی بچووکن، پێشموایە لەم هەفتەیەدا دەگەینە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی".
هاوکات پێشتر هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هۆكاری كۆ نەبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، "لەبەر بەرژەوەندییە باڵاکانی كوردستان و بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان هەست بكەن براوەن، پەرلەمانی كوردستان ئامادەیە كاتی زیاتر بداتە لایەنەكان، بەڵام زۆری پێناچێت و ئێستا هەموو لایەنەكان بەتایبەت لایەنە سەرەكییەكان كە براوەی یەكەم و دوهەم و سێهەمن بەرەو رێكەوتنی كۆتایی ئەچن".
هەورامی ئاماژەی بەوەشکردبوو، "پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی پڕۆسەی یەكڕیزی دەكات، ئەو لایەنانەی داواكاریان هەبووە، پێشنیارەكانیان لە پرۆژە یاسای هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم جێگەی كراوەتەوە و پرۆژەكە لای لیژنەی یاساییە".