TR KU SO
FB X
Kurdistan

مووچەیەکی تایبەت لە لایەن UN بۆ پێشمەرگە دابین دەکرێت

📅 16 Şubat 2018 21:12

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ده‌ستمان به‌ گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانى ئەڵمانیا، سوید و فینلەندا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ینه‌‌ به‌شێك له‌ هێزى ئاشتى پارێزى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان.

عەمید روکن هەژار عومەر بەڕێوەبەرى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە راشیگه‌یاند: دواى کۆبوونەوەى بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی دەرەوەى وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانى تیمى سەربازى ئەڵمانیا و سوید و فینلەندا لە هەرێمى کوردستان، ئەو سێ وڵاتە بە شێوەیەکى سەرەتایى ئامادەییان دەربڕیوە پاڵپشتى و مەشق و راهێنان بە بەشێک لە هێزى پێشمەرگە، وەک هێزى ئاشتى پارێزى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن . 

ده‌رباره‌ی ژمارەى ئەو پێشمەرگانەى كه‌ وەک بەشێک لە هێزى ئاشتى پارێزى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوبراو ئاشکراى دەکات رەنگە له‌ دوو بەتالیۆن یان زیاتر بێت . 

هەژار گوتیشى: وڵاتی ئەڵمانیا رابەرایەتى ئەم پڕۆسەیە دەکات و لەلایەن ئەو وڵاتە و سوید و فینلەندا پاڵپشتى دارایی و سەربازى دەکرێت، ئه‌ویش دواى گرتنەبەرى رێکارەکانى پێدانى رەزامەندى لە بنکەکانى راهێنانى سوید و فینلەندا، مەشق و راهێنانى سەربازییان پێدەکرێت . 

هه‌روه‌ها جگە لەو مووچەیەى لە لایەن حکوومەتى هەرێم پێیان دەدرێت، مووچەیەکى تایبەتیان لەلایەن رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ دابین دەکرێت . 

ئەو بەرپرسە ئاماژەى بەوەدا لە ئێستادا حكوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پێشمەرگە تاوتوێى ئەم بابەتە گرنگە دەكەن بۆ جێبەجێکردنى پڕۆسەکە دەبێت حکوومەتى عێراقیش رەزامەندى دەرببڕێت . 

Paylas: