TR KU SO
FB X
Kurdistan

موسەنا ئەمین: عەبادی بۆ ئەوە باشە بیکەیتە وەکیل وەزیر

📅 12 Mart 2018 14:35

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەوەی لە بەغدا کێشەکانی ناوخۆ بۆ سزادانی کورد بەکار بھێنێ، تاوانێکی گەورەی کردووە.

 

موسەنا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕايگەیاند: “حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەتوانێت ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بەداخەوە عەبادی سزادانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی کردووە بە ڕیکلامی سیاسی و ڕاستگۆ نییە لەگەڵ بەڵێنەکانی خۆی، بۆیە ناتوانین بڵێین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێرێت، یان ناینێرێت”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو گوتیشی: “حەیدەر عەبادی، سزای خەڵکی کوردستان دەدات، بەڵام دوای ماوەیەک فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەری و پاساوی ئەوە دەھێنێتەوە کە چاکسازی لە مووچە دەکات، بێگومان بەوەش چەند مانگێک خەڵکی سەرقاڵ دەکات، بە بۆچوونی من ڕەنگە عەبادی، بڕێک پارە بنێرێت، بۆ ئەوەی لەو فشارە بێتە دەرەوە، ئەگینا نایەوێت کێشەی خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکات”.

ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە دوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کورد خۆی رێکبخاتەوە و بەرچاوی ڕوون بکاتەوە، تاکو بزانرێت بۆ ئایندە چی بکات لەگەڵ بەغدا، ئایا کام سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشەی کورد چارەسەر دەکات، بە بۆچوونی من عەبادی بۆ ھیچ شتێک بەکەڵک نایەت، چونکە کەسێکی شیاو نییە و شارەزای ڕێککەوتنە سیاسییەکان نییە.

موسەننا ئەمین ئەوەشی گوت: “عەبادی بۆ ئەوە باشە لە وەزارەتێک بیکەیتە وەکیل وەزیر، نەوەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا نابێ جارێکی دیکە کورد دەنگ بە عەبادی بداتەوە”.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ئێمە لە بەغدا باسی کێشەکانی ناوخۆمان کرد، باشتر وایە یارمەتیی سزادانی میللەتەکەی خۆمان نەکەین، بۆیە ھەر کەسێک بەو شێوەیە مامەڵە بکات، وەکو ئەوە وایە تاوانێکی گەورەی کردبێت.

Paylas: