کۆمسیۆن: ئاوارەكانی كەركوك و خورماتوو لەپارێزگاکانی هەرێم دەنگدەدەن
ئاوارەكانی كەركوك و خورماتوو کە لەهەرێم نیشتەجێن، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەپارێزگاكانی هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.
بەوتەی رزگار حاجی حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، "خێزانە ئاوارەكانی هەر چوار پارێزگای (كەركوك، سەڵاحەدین، نەینەوا، ئەنبار) كە لە كەمپی ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان نیشتەجێن، دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و دەنگی خۆیان بدەن".
دەشڵێت، "ئاوارەكانی كەركوك و خورماتوو، پارێزگاكانی دیكەش كە لەهەرێمی كوردستانن، بەتایبەت لەكەمپەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بەهەماهەنگی نێوان ئۆفیسی سلێمانی و پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین و دوو پارێزگاكەی دیكە كارتی دەنگدانەكانیان بۆ بگەڕێنرێتەوەو بۆ رۆژی هەڵبژاردن ناوەندی تایبەتی دەنگدانیان بۆ بكرێتەوە".
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کە كێشەی ئاوارەكانی كەركوك و خورماتوو كە لەسلێمانی و ئەوانەشی لەهەولێر نیشتەجێن چارەسەر كراوە، ئەوەشی ماوە لەهەوڵدان تا بتوانن ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەكارتی دەنگدانەكانیان كە لەڕێی تیمی گەڕۆكەوە بۆیان دەگەڕێننەوە تا لەگەڵ پێناسێكدا كە بیسەلمێنێت خەڵكی ئەو پارێزگایەن لەپارێزگاكانی هەرێم دەنگی خۆیان بدەن.