TR KU SO
FB X
Kurdistan

ناوەندێکی فەرهەنگی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخرا

Navas Jan
Admin
📅 14 Aralık 2021 16:14

پەیامی کورد … ناوەندێکی فەرهەنگی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخرا

دوابەدوای دەستبەسەر کرانی سێ ئەندامی چالاکی کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار، ئەم ناوەندە ئەدەبی و فەرهەنگییە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە فەرمی داخرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە دێسامبری ٢٠٢١، ناوەندی فەرهەنگی ئەدەبی کافە کتێبی ئەندێشی کە ماوەی پێنج ساڵە لە پیرانشار چالاکی دەکات، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بە فەرمی داخرا.

داخرانی کافە کتێبی ئەندێشە دوای ئەوە دێت کە کۆتایی مانگی ڕابردوو هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سێ ئەندامی چالاکی ئەم ناوەندەیان بە ناوەکانی جەهانگیر ساغەرنیا،خەبات خەتیاڵ و میلاد هاتێف دەستبەسەر کردووە. جەهانگیر ساغەر نیا و خەبات خەتیاڵ دوای پێنج ڕۆژ بەندکران هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تەمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

جێگای ئاماژەیە کە  دوای دەستبەسەر کرانی سێ ئەندامی کافە کتێبی ئەندێشە هێزەکانی ئیداری ئیتلاعات چەکیان بەڕووی بەڕێوەبەرانی ئەم ناوەندە فەرهەنگی و ئەدەبییەدا کێشاوە و هەروەها شوێنەکەیان تێکداوە و کەلوپەلی ناو کافەکەیان تێکشکاندووە و دەستیان بە سەر ژمارەیەکی زۆری کتێب و هەروەها ئۆتۆمبێلی دوو کەس لە ئەندامانی ناوەندەکەدا گرتووە.

هەروەها، ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکرانی جەهانگیر ساغەرنیا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو وێڕای پشکنینی ماڵەکەیان دەستیان بە سەر مۆبایلی هاوژینەکەی و چەند کەسی دیکەی ئەندامانی بنەماڵەکەیدا گرتووە.

ناوەندی فەرهەنگی ئەدەبی کافە کتێبی ئەندێشە ساڵی ٢٧١٦ (٢٠١٦) دامەزراوە و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە ناوەندە گرینگەکانی ڕۆشنبیری و مەدەنی لە کوردستان بووە و بە بەڕێوەبردن و ڕیکخستنی دەیان کۆبوونەوە، دانیشتنی ئەدەبی ، ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێب، شانۆ و فرۆشتنی کتێب و هەروەها ڕێکخستنی کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوان کرماشان و کۆتۆل ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات بەردەوام هەوڵیداوە کە بە گوشار خستنە سەر ئەندامانی ئەم ناوەندە فەرهەنگی و ئەدەبییە پێش بە چالاکییەکانیان بگرێت و دواجار کافە کتێبی ئەندێشە لەلایەن ئەم ناوەندە ئەمنییەوە داخرا.

 

 

Paylas: