ناوەندی هاوکاری: دوور و نزیک پێوەندیمان بە هێرشە دڕۆنییەکانی سەر کۆماری ئیسلامییەوە نییە
پەیامی کورد... ناوەندی هاوکاری: دوور و نزیک پێوەندیمان بە هێرشە دڕۆنییەکانی سەر کۆماری ئیسلامییەوە نییە
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان ئێران سەبارەت بە هەڵمەتە چەواشەکارانەکانی ڕێژیمی ئێران لەبارەی هێرشە دڕۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر ئیسفەهان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەدوای هێرش بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی ڕێژیم لە ئیسفەهان، مێدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و بەلاڕێدابەرانەی دیکەدا قامکی تاوانیان بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن ڕاداشتووە. دەزگای تەبلیغاتیی ڕێژیم ئیدیعا دەکەن بە هاوکاری و چاوساغیی حیزبە کوردییەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان کەلوپەلی دڕۆنەکان بردراوەتە ئێران و ئەو حیزب و لایەنانە لەسەر داوا و ڕاسپاردەی دەزگاکانی هەواڵگریی وڵاتانی نەیاری ئێران بەشدارییان لەو هێرشە دڕۆنییەدا کردووە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتوندی ئەو ئیدیعایەی دەزگای پڕوپاگەندەی ڕژیم ڕەت دەکاتەوە و ڕادەگەیەنین دوور و نزیک هیچ پێوەندییەکمان بەو هێرشانەوە نەبووە و نییە. هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە حیزبەکانی کوردستانی ئێران هیچکات خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆ هیچ هێرش و هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی و نیزامی لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکار نەهێناوە و ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا کردوویەتی، بیانوو و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بنەڕەتی بابەتەکان بە مەبەستی تایبەت بووە.
دیارە ئەوە یەکەمجار نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆ و چەواشەکاری و سیناریۆسازیی بەردەوام بوار بۆ سنووربەزاندن، کردەوەی تێرۆریستی و هێرشی نیزامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و زەبروەشاندن لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان خۆش دەکات. بەڵام هەم لە نێوخۆی ئێراندا خەڵک بە تەواوی نێوەرۆکی جینایەتکارانە و دژی گەلیی ئەو ڕێژیمەیان ناسیوە و باوەڕ بەم جۆرە ساختەکاری و سیناریۆیانەی ناکەن، هەم لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتیشدا، کۆماری ئیسلامی بەو کارنامەی کە لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و قەیرانخوڵقێنی هەیەتی، هیچ ئێعتبارێکی بۆ خۆی نەهێشتووەتەوە.
کۆماری ئیسلامی له ههلومهرجێکدا که ههم لهگهڵ ناڕهزایهتیی بێوێنهی خهڵکی ئێران بهرهوڕوویه و ههم لهژێر فشارێكی زۆری نێودهوڵهتیدایه، ناتوانێت بەو چەواشەکارییانە خۆی لە ئاست بەرپرسایەتی و دەروەستییەکانی بە پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بدزێتەوە. بۆیە جارێکی دیکە وێڕای ڕەتکردنەوەی بانگەشە بێبنەماکانی ڕێژیم، سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی، ئیران
و گەلی کورد و ناوەندەکانی بڕیار بۆ بیانووپێگرتن و شەڕخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕادەکێشین و داوا دەکەین لەو پێوەندییەدا ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرنە بەر.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١
١ی فێوریەی ۲۰۲۳