TR KU SO
FB X
Kurdistan

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه‌

سارا
Yazar
📅 15 Eylül 2021 21:49

پەیامی کورد      ...     ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه‌

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی وه‌زیرانی هه‌رێم، ره‌شنووسی پلانی نیشتمانی هه‌رێمی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندی په‌سه‌ندكرد و رایگه‌یاند، هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی چه‌ند بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران خرایه‌ڕوو كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سیمكارتی بێ به‌رایی و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوالیتی ئاردی هاورده‌كراو.
به‌گوێره‌ی راگه‌ێندراوێكی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ١٥ی (ئه‌یلول/٩)ی ٢٠٢١  به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجامدا.

له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ، مه‌سروور بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، "پێویسته‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ، به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام و مه‌ده‌نیانه‌ و دور له‌ ناوزڕاندن و یه‌كترشكاندن به‌ڕێوه‌بچێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا، داكۆكی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیه‌كان و ماف و شایسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن و پێویسته‌ ململانێ و كێبڕكێی نێوان حزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانیش، به‌ ئاراسته‌ی به‌رگریكردن بێت له‌ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان و مافه‌كانی گه‌لی كوردستان".

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌ێندراوه‌كه‌، "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌ گرینگی ڕۆڵی بێ لایه‌نانه‌ی دام وده‌زگا ئیداری و ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و میدیا و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كرده‌وه‌ له‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كان، به‌ شێوه‌یه‌ك پێویسته‌ ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌مو حزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌وه‌ بێت، له‌ به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ داكۆكی له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵك بكه‌ن".

پاشان له‌لایه‌ن ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و  وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ، هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی چه‌ند بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران خرایه‌ڕوو كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سیمكارتی بێ به‌رایی و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوالیتی ئاردی هاورده‌كراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕوی خۆراكی و ته‌ندرووستییه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌ زو جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌.

له‌ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌، تایبه‌ت بو به‌ بڕیاردان له‌ سه‌ر ڕه‌شنووسی ( پلانی نیشتمانی هه‌رێمی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ 2021 - 2025 ) كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێشووی ئه‌نجوومه‌ن خرایه‌ڕوو ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ند كرا و وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕاسپێردران، بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ و ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ به‌ره‌وپێشچوونی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌ی بره‌ودان به‌ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێم.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دانا عه‌بدۆلكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، ڕه‌شنووسی (په‌یڕه‌وی سندووقی پاڵپشتی گه‌شه‌پێدان ڕێگاوبان له‌ هه‌رێمی كوردستان )ی خسته‌ڕو، ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن به‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌كراوه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سه‌ره‌ڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ گرینگی بره‌ودان به‌ بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ ماوه‌ی مانگێكدا، پێداچوونه‌وه‌ی زیاتر به‌ ڕه‌شنوسه‌كه‌دا بكه‌ن له‌ ڕوی قانونی و ته‌كنیكی و داراییه‌وه‌، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و تێبینی و سه‌رنجانه‌ی خرانه‌ڕو، تا ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ ئامانجه‌كانی خۆی به‌دیبهێنێت له‌ پاڵپشتی وه‌زاره‌ت له‌ گه‌شه‌پێدانی پڕۆژه‌كانی ڕێگاوبان و دانانی پێوه‌ر بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی دادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ڕێگاوبان، له‌سه‌ر پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ پێی شایسته‌بوون، ئه‌ویش له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ گرینگیدان به‌ بواری ڕێگاوبان، له‌ بڕگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیه‌تی.

Paylas: