نێچیرڤان بارزانی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی سەرکۆنە کرد
پەیامی کورد … نێچیرڤان بارزانی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی سەرکۆنە کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-11-2021، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بە ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدادا تەقێندرایەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک پاسەوانی بریندار بوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە: سوپاس بۆ خودا مستەفا کازمی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن بە سەلامەتی دەربازی بوو.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای سەرکۆنەکردنی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی، رایگەیاندووە: ئەو رووداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە کە ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا دەکاتە ئامانج و ئاماژە بە دەرەنجامی مەترسیدار دەدات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داواشی لە هەموو لایەنەکان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و رەوشەکە هێور بکەنەوە.