نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ بۆگدانۆف کۆبووەوە
پەیامی کورد ... سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزبایى لە دەستبەکاربوونى سەرۆک وەزیرانى تازەى ڕووسیا، خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە و دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزى ڕووسیاى لە بەغدا و کونسولى گشتی لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزى سەرۆک ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانى ڕووسیاى گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ستایشى ڕۆڵى سەرۆکی هەرێم و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد.
هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سووریا و ڕۆڵى ڕووسیا لەو ووڵاتە، بەردەوامی مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردوولا، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.