نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕاوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شاندێکى یاوەرى کۆبوونەوە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى جەخت لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەکاتەوە
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە پابەندى بە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە و سوپاسى بەریتانیا و ووڵاتانى دیکەى هاوپەیمانی نێودەوڵەتى کرد بۆ هاوکارى و پشتگیرییان لە پرۆسەکە.
لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 15/10/2019 لەگەڵ ژنەراڵ جان لۆریمەر ڕاوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شاندێکى یاوەرى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەریتانیا و هاوپەیماني نێودەوڵەتى کرد کە لە شەڕى دژى تیرۆردا هاوکاریى هەرێمى کوردستان و عێراقیان کرد و جەختى لە پێویستی بەردەوامی پشتگیری بەریتانیا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردەوە بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانى سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و ڕێگریکردن لە مەترسی سەرهەڵدانەوەى داعش.
لاى خۆیەوە جەنەراڵ لۆریمەر جهختی له پابەندی بەریتانیا بۆ بەردەوامی پشتگیری و هاوکاری هەرێمى کوردستان و عێراق له ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى تیرۆر کردەوە و ئامادەیی ووڵاتەکەى بۆ بەردەوامی هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لە پرۆسەى چاکسازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دووپات کردەوە، خۆشحاڵی خۆیشى بە هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لەم بوارەدا نیشان دا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و کونسولى گشتی بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، هەردوولا گرینگی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، پێشهاتەکانى سووریا و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتى فرات بەتایبەتى و بارى مرۆیى و دۆخى ناوچەکەیان بەگشتى، تاوتوێ کرد.