نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌کیتی ئه‌ورووپا له هه‌رێمی کوردستان کۆده‌بێته‌وه
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كیتی ئه‌ورووپا له هه‌رێمی کوردستان کۆده‌بێته‌وه
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له ناتووندوتیژی و یاساپارێزی و مامه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نیانه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانی عێراق کرده‌وه و هه‌موو هاوکارییه‌کی هه‌رێمی کوردستانی بۆ ئارامی و سه‌قامگیری عێراق و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، ده‌ربڕی.
له دیدارێكیدا پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ١٥ی١٢ی٢٠١٩ له هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ڤەنسانت گیۆم به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌کیتی ئه‌ورووپا له هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌کی ده‌رباره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانیی فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان له به‌غدا و گفتوگۆی هه‌ولێر – به‌غدا، خسته ڕوو.
لای خۆیه‌وه به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌کیتی ئه‌ورووپا سوپاسی ئاسانكاری و هاوكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كاره‌كانی کرد و بایه‌خدانی هه‌رێمی كوردستانی به دۆخی ئاواره و په‌نابه‌ران به‌تایبه‌ت ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له ئه‌نجامی گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سووریاوه ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، به‌رز نرخاند، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان یه‌کیتی ئه‌ورووپا و هه‌رێمی كوردستانیشی له هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران دووپات كرده‌وه.
هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق به‌تایبه‌تی، هه‌روه‌ها دۆخی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.