TR KU SO
FB X
Kurdistan

نێچیرڤان بارزانی سبەی لە کۆشکی ئەلیزەیە

سارا
Yazar
📅 09 Temmuz 2019 19:19

پەیامی کورد    ...    نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا گوتی، بڕیارە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەردانی فەڕەنسا بكات و سبەی لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆببێتەوە، كە كۆمەڵێك تەوەر باس دەكرێن و ئەمەش لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە گرنگییەكی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە بانگھێشتی فەرمی سەرۆكی فەڕەنسا، سەردانی پاریس دەكات و سبەینێ چوارشەممە لە كۆشكی ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە و پاشان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆكی شارەوانیی پاریس و پەرلەمانیش دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆڵەمەڕی، گوتی، سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی فەڕەنسا، گرنگییەكی یەكجار زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە لە ھەموو بوارەكاندا، بە تایبەت لە بواری سیاسی و ئابووریدا و بڕیارە سبەی چوارشەممە كاتژمێر پێنجی ئێوارە، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆببێتەوە و جگە لەوەش لەگەڵ وەزیری دەرەوە و پەرلەمان و سەرۆكی شارەوانییش كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و كۆمەڵێك تەوەر لەو كۆبوونەوانەدا باس دەكرێن، لەوانە باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و فەڕەنسا.

دۆڵەمەری گوتیشی، جگە لەوەی لە ڕووی سیاسییەوە گرنگیی زۆری ھەیە، ئەو سەردانە دەبێتە ھۆی ئەوەی كۆمپانیا فەڕەنسییەكان ھان بدرێن بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرھێنان، بۆیە ئەمە دەستپێكێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی فەڕەنسا لە ڕووی ئابووریشەوە ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكات.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، فەڕەنسا یەكەم وڵات بووە كە گرنگیی بە ھەرێمی كوردستان داوە، بە تایبەت لە شەڕی داعش و یەكەم وڵاتیشە كە پێشوازی لە سەرۆكی نوێی ھەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە.

دەشڵێ، بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بكات.

Paylas: