چەند پڕۆژەیەک لە سنووری قەزای خەبات جێبەجێ دەکرێن
پەیامی کورد ... چەند پڕۆژەیەک لە سنووری قەزای خەبات جێبەجێ دەکرێن
ئێستا چەند پڕۆژەیەک لە سنووری قەزای خەبات جێبەجێ دەکرێن و قایمقامی خەباتیش دەڵێت، پارێزگاری ھەولێر دڵنیای کردووینەتەوە پڕۆژەی دیکەشیان پێشکەش دەکرێت.
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی خەبات، ڕایگەیاند: "دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین داواکاریمان ئاراستەی حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای خەبات جێبەجێ بکرێن، بە خۆشحاڵییەوە بڕیار لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری درا کە یەکێک لەوانە پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای ناحیەی کەورگۆسک_مامەلووکە؛ ئەم ڕێگایە ناحیەی کەورگۆسک بە شاری ھەولێرەوە دەبەستێتەوە."
قایمقامی خەبات دەڵێت: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر سەردانی پڕۆژەکانی ناحیەی کەورگۆسکی کردووە و بڕیاری دا ژمارەک شەقامی نێو ناحیەکەش قیرتاو بکرێن."
کوێستان ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "چەندین پڕۆژەی دیکە لە بواری ڕێگاوبان و کارەبا ئامادە کراون و بەشێکیان ڕەمەزاندییان لەسەر دراوە، ئەوانەی دیکەش پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێنیان داوە کار بۆ جێبەجێکردنیان بکەن، چونکە پێویستی سنووری قەزای خەباتن، لەوانەش چاککردنی کێشەی کارەبا."