TR KU SO
FB X
Kurdistan

ڕاگەێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک

سارا
Yazar
📅 17 Mart 2020 23:52

پەیامی کورد     ...    حكومەتی هەرێم بڕیاریدا هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیتاك و هاوكاری دارایی هەڵمەتێكی نیشتمانی بێت و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران بێت و دواتر داهاتەكەی بە شێوەیەكی روون و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان خەرج بكرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم  لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، و پلانی ‌‌حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك لە خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی و شت و مەكی ڕۆژانە و هەروەها دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بە گشتی، ئەنجامدا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران لە نزیكترین دەرفەتدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی مووچە و بە تایبەتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ بە مەرجێك ڕەچاوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكرێت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

راگەیندراوی كۆبوونەوەكە
ئەمڕۆ سێشەممە 17/3/2020 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد تایبەت بە هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، و پلانی ‌‌حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك لە خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی و شمەكی ڕۆژانە و هەروەها دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بە گشتی.

لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكانیش، كۆبوونەوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك لە وەزیرەكان بەشدار بوون، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد و داواشی لێكردن كە بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی خۆیان بەردەوام بن لە هاوكاریی و پابەندبوون بە ڕێكار و ڕێنماییەكان.

هەروەها سوپاسی هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیشی كرد و ڕۆڵی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و پزیشك و كارمەند و فەرمانبەرانی تەندرووستی بەرز نرخاند لە ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانەی كرد كە بە دەنگ بانگەوازی سەرۆكی حكومەتەوە هاتوون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاری پێویست بۆ سووككردنی بارگرانی ئەو كەسانەی كە زەرەمەند بوون لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و هەروەها پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا،

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیتاك و هاوكاریی دارایی هەڵمەتێكی نیشتمانی بێت و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران بێت و دواتر داهاتەكەی بە شێوەیەكی روون و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان خەرج بكرێتەوە لە پێناو پڕۆژەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرجەم ئەو هەوڵانەی دەستپێكراون، لەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا كۆدەكرێنەوە، هەروەها داواشی لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد لەمبارەیەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران لە نزیكترین دەرفەتدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی مووچە و بە تایبەتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ بە مەرجێك ڕەچاوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكرێت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كۆبوونەوەكە جەختی لەوەش كردەوە كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، دارایی گشتی ڕێكدەخرێتەوە بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و دابینكردنی بژێوییان و خەرجییە گشتییەكانیش كەم دەكرێنەوە، كە ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

هەروەها بڕیاردرا كە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەم زووانە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە نەوت و گاز ئەنجام بدرێت بە مەبەستی تاوتوێكردنی دەرفەتەكانی ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانی نەوت وگاز بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و لێكەوتە داراییە نەرێنییەكانی ڤیرووسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان.

Paylas: