ئەنجوومەنی وەزیران: پێویستە حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان
پەیامی کورد... ئەنجوومەنی وەزیران: پێویستە حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا بە بۆنەی ٤٧مین ساڵیادی دامەزراندنی و ئەنجامدانی دیداری یەکێتی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان.
پاشان سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی دەربارەی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس خستە ڕوو کە لە ڕۆژانی ٢٠٢٢/٥/٢٦-٢٢بەڕێوەچوو. ئاماژەی بەوەدا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، جەختمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان کردەوە، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا.
هەروەها سەرۆکی حکومەت ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەند و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا، گەیاندنی دەنگ و هەڵوێستی هەرێمە بە سەکۆ جیهانییەکان و پتەوکردنی پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە وەک هاوبەشێکی هەرێمی و جیهانی.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، خالید هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کۆ نووسی کۆتایی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵی خستە ڕوو کە لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامیان داوە و لە کۆنووسە هاوبەشەکەدا، ئاماژە دراوە بەوەی کە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی خەرجیی بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢١ بە شێوەیەکی شەفافانە پێشکەش بە لیژنە هاوبەشەکە کردووە کە بە ژمارە و زانیاری، داهات وخەرجییە گشتییەکانی هەرێمی تێدا خراوەتە ڕوو، بە داهات و خەرجیی نەوتیی و نا نەوتیشەوە، سەرەڕای خستنەڕووی میلاکی وەزیفی مەدەنی و سەربازیی لەسەر تا سەری هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، لە هەمان کاتدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە و بە پشتبەستن بە ماف و شایستە دارایییەکانی جێگیرکراو بە پێی دەستوور، بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی هەرێم بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگیی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکرێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی کوردستانیش ڕۆڵی خۆی لەم بوارە بگێڕێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەش خرایە ڕوو کە مانگانە حکومەتی فیدراڵیی، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، پابەندییە دارایییەکانی هەرێمی داشکاندووە لە شایستەکەی و لەبەرامبەردا، پێویستە حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاپۆرتێک بوو لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و دیدگا و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار. دواتر بەڕێز ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژەی بە وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکە کرد و چەندین ئامار و زانیاری دەربارەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، جەخت لەوە کرایەوە، کە دەبێت زۆر گرنگی بە گەشتوگوزار بدرێت بە ئاراستەی زیاتر ناساندنی سروشتی جوان و گەشی کوردستان و ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کوردستان و هەروەها لە ڕووی داراییشەوە، ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی گرنگەکانی داهات.
باشان ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ڕاپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕاسپاردە و پێشنیاز و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار پەسەند کرد.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی پرۆژە یاسای (هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان) ژمارە ٨ لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایە ڕوو و لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.