نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان: کۆمیسیۆن بەدواداچوون بۆ ئەو بەربژێرانە دەکات کە کارتی دەنگدان دەکڕن
پەیامی کورد … نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان: کۆمیسیۆن بەدواداچوون بۆ ئەو بەربژێرانە دەکات کە کارتی دەنگدان دەکڕن
نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت،"دەنگ بابەتێکی کەسیییە و ناکرێت بفرۆشرێت، کۆمیسیۆنیش بەدواداچوون بۆ ئەو بەربژێرانە دەکات کە کارتی دەنگدان دەکڕن".
جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند،" ئەنجامی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا رادەگەیێندرێت و کۆمیسیۆن وانەی لە هەڵبژاردنی رابردوو وەرگرتووە، کۆمیسیۆن بڕیاریداوە لەماوەی 24 كاتژمێر دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رابگەیێنێت".
ئاماژەی بەوەشداوە،"هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت، بەڵام بەرپرسیاریەتی ئەوان نییە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسندبکەن، چونکە ئەمە بەرپرسیاریەتی عێراقییەکانە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو،" کڕینی دەنگ بە رێگەی جیاوازەوە دەکرێت، بەداخەوە هەندێک لە بەربژێرەکان سوود لە خراپی دۆخی هاووڵاتیان وەردەگرن، من دژی ئەوەم، پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت، ئەو حاڵەتە لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش روودەدەن، بەڵام نابێت هانی ئەمە بدرێت، دەنگ بابەتێکی کەسیییە و ناکرێت بفرۆشرێت".
وتیشی،"کۆمیسیۆنی بەدواداچوون بۆ ئەو بەربژێرانە دەکات کە کارتی دەنگدان دەکڕن، زانیاری هەن، بەڵام پێویستیان بە بەڵگەی پێویست هەیە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەوانەی کارتی دەنگدان دەکڕن".
جێگەی باسە، بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو 10-10-2021 هەلبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت و بەپێی ئامارەكانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش،" 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن".