TR KU SO
FB X
Kurdistan

کنسولی ئەمریکا لە هەولێر: لە كوردستان ده‌مێنینه‌وه‌ و كار بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و خۆشگوزه‌رانتر ده‌كه‌ین

Navas Jan
Admin
📅 23 Eylül 2021 12:51

پەیامی کورد … کنسولی ئەمریکا لە هەولێر: لە كوردستان ده‌مێنینه‌وه‌ و كار بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و خۆشگوزه‌رانتر ده‌كه‌ین

 کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لەمیانی پێشوازیکردنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند لە هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە و نیازمان وایه‌ لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی کوردستان کاربکەین، لە بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و خۆشگوزارنتر.

رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لەمیانی پێشوازیکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باڵاخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، گوتی: "باڵاخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر 60٪ی تەواو بووە، کە لە ساڵی 2018 بەردی بناغەی دانرا، لەمەودوا کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەر ئەم زەوییە قەشەنگە لە بناری چیای سەفین دەبێت، سەربەرزین کە توانیومانە لە دروستکردنی ئەو باڵەخانەیە هەلی کار بۆ 600 کەس بڕەخسێنین."

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: لە ساڵی 2023 باڵاخانەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر تەواو دەبێت و چاوەڕێین کونسوڵخانە بگوازینەوە ئەم باڵاخانەیە".

ئاشکراشی کرد: "ئەم کونسوڵخانەیەی لە هەولێر دروست دەکرێت گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا دەبێت لە سەرانسەری جیهان، ئەگەر بپرسین بۆچی ئەمریکا ئەم کونسوڵخانە گەورە لێرە دروست دەکات؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بەو ژینگەیەوە هەیە بۆ گەشەکردن، ئەم کونسوڵخانەیە دەبێتە ئاماژەیەک بۆ ئەوانەی کە بە شەقامی 150 مەتری دا دەڕۆن، بیریان بێتەوە کە ئەمەریکا لێرەیە و زۆرپابەندە و لێرەش دەمێنێتەوە، ئێمە پێمان وایە باشترە بۆ ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کە پێکەوەبن".

کونسوڵی ئەمریکا، راشیگەیاند: "بوونی ئەمەریکا لێرە مایەی سەقامگیرییە  بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێمە نیازمان وایە لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان کاربکەین، لە بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و خۆشگوزارنتر، لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتوودا، بوونی ئەمەریکا لێرە سوودی هەیە و سەقامگیری لەگەڵ دەبێت، بە دڵنیاییەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکی پتەویان هەیە، کە بۆ چەندین دەیەی لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا کە روومان لە داهاتووە و روومان لە ئاسۆیە، پێویستە جار جاریش سەیری رابردوو بکەین، هەموومان بیرمان دێت لە ساڵی 1991 ئەمەریکا بە هاوشانی لەگەڵ هاوپەیمانان، ناوچەی ئارام، ناوچەی دژەفڕینیان دروستکرد، کە بووە هۆی پاراستنی کوردەکان و دانیشتوانی دیکەی ئەم هەرێمە، ئەو سەقامگیرییەی ئەمریکا دابینی کرد، بووە ژینگەیەکی لەبار، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تێدا دروست بێت و گەشە بکات".

Paylas: