کوژرانی ١٣ پاسدار لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پەیامی کورد ... کوژرانی ١٣ پاسدار لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ١٥ تێکهەڵچوونی چەکداری لە سنوورەکانی کوردستان تۆمار کراوە کە کوژران و بریندار بوونی چەند کەسی لە دوولایەنی شەڕ و هەروەها حەشیمەتی ناسەربازی لێکەوتووەتەوە.
لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا ١٣ ئەندامی سپای پاسداران و هەنگی مەرزی کوژراون و ١٨ی دیکەش بریندار بوون. لە کۆی ئەو تێکهەڵچوونانەش پێنج ئەندامی لایەنێکی کوردی گیانیان لە دەست داوە کە ئەو حیزبە هەتا ئێستا بە فەرمی ناوەکانیانی ڕانەگەیاندووە.
لە کۆی ئەو ١٥ تێکهەڵچوونە ٧ جار هێزەکانی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و ٧ جار هێزەکانی نزیک لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەگەڵ هێزەکانی ئێران تێکهەڵچوون و جارێکیش نەزانراوە کە کام لایەن بووە.
هەروەها، زیاترین تێکهەڵچوونەکان لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە ٨ حاڵەت بووە و ٧ حاڵەتیش لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە.
تۆپباران و هێرشی ئاسمانی
لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هێزەکانی سپای پاسداران لانیکەم ٩ جار بەرزاییەکانی شارەکانی مەریوان، دیواندەرە، ئورمیە و هەروەها هەرێمی کوردستانیان تۆۆپباران کردووە کە بریندار بوونی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە دیواندەرە لێکەوتووەتەوە.
هەروەها لانیکەم دوو جار پێهپادەکانی سپای پاسداران بنکە و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانیان لە بەرزاییەکانی هەڵگورد کردووەتە ئامانج کە زیانی گیانی نەبووە.
کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتیی مەدەنی
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢١ هاووڵاتیی مەدەنی لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون لە ٩ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٢ کەسیان بریندار بوون.
دوو کەس لەوانەی گیانیان لە دەست داوە لەئەنجامی بوردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا کوژراون و ٤ کەسیشان شوان و مەڕدار بوون کە بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون.