وەرزشکارێکی ناسراوی کورد لە ئیلام دەستبەسەر کراوە
پەیامی کورد … وەرزشکارێکی ناسراوی کورد لە ئیلام دەستبەسەر کراوە
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری دێهلوڕانی پارێزگای ئیلام، وەرزشکارێکی ناسراوی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و تا ئیستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی هەینی ١٦ی نیسانی ٢٠٢١، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێهلوڕان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەکبەر(هیوا) حەیدەرپوور و بێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە راگەیاند کە هیوا حەیدەرپوور، بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی کوردستانیی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون بەڕێ کراوە. پاش تێپەڕینی چوار رۆژ لە دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتییە چارەنووس و شوێنی راگرتنی نادیارە.
سەرچاوەکە هەروەها وتیشی کە هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر کەرەستە ئەلەکترۆنییەکانی هیوا حەیدەرپووردا لەوانە موبایلەکەی گرتووە و هەروەها پاش دەستڕاگەیشتن بە ئەکاونتی تایبەتیی ناوبراو، وێنەیەکی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان خستۆتە سەر پرۆفایلی تێلگرامەکەی.
هیوا حەیدەرپوور بروانامەی دوکتۆرای نێودەوڵەتی هونەرە جەنگییەکان لە فێدراسۆنی جیهانیی WFSF وەرگرتووە و ئەندامی کۆڕی ئولەمپیکی خویندکاریی ئاسیا و کۆڕی وەرزشی پۆلیسی نیودەوڵەتی( ئێنترپۆل) و مامۆستای پلە یەکی فێدراسۆنی وشۆی ئێران و دامەزرێنەری وشۆی شاری دێهلوڕانە.
شایانی باسە رۆژی سێشەمە ٢٤ی خاکەلێوە ( ١٣ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری "پەهلە"ی دێهلوڕانیش بە ناوەکانی " ستار کەریمی" و " سەعید کەرەمی" هەر بەو تۆمەتە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.