چاوڕەش : پارتی و یەکیتی دوو کۆڵەکەی سەرەکین
پەیامی کورد ... ئەندامێكی سەركردایەتی یەكیتی دەڵێ، ھاتنی شاندی پارتی بۆ سلێمانی، ھەنگاوێكی ئەرێنییە و پێویستە بۆ دەستپێكردنەوەی دانووستانەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پەلە بكرێت و بگەنە رێككەوتن.
مستەفا چاوڕەش ، ئەندامی سەركردایەتی یەكیتی ڕایگەیاند: "زۆر گرینگە دانووستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكیتی نیشتیمانی كوردستان دەست پێبكەنەوە، چوونكە دۆخی ئەو میللەتە گەیشتووەتە ئەوەی لە دڵەڕاوكێ دان و چاوەڕێن دەست پێبكەنەوە، بۆیە ھاتنی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ سلێمانی، كارێكی ئەرێنییە، چوونكە ژیانی خەڵك و ھەموو شتێك خراپە و پێویستی بە چارەسەركردن ھەیە و ناكرێت لەمە زیاتر دوا بخرێت".
چاوڕەش هەروەها ووتی ، پارتی و یەكێتی دوو كۆڵەكەی سەرەكین ھەم لە ئێستا و ھەمیش لە ڕابردوو و داھاتووشدا، بۆیە پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن بگەنە رێككەوتن، پێویستیشە پەلە بكرێت لە ھاتنی شاندەكەی پارتی بۆ سلێمانی، بۆ ئەوەی گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە".
دەشڵێ: "پارتی و یەكێتی دوو ھێزی سەرەكی ھەرێمی كوردستانن، بۆیە ھیوادارم دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان ئەنجامی باشی ھەبێت و ببێتە مایەی سەركەوتن بۆ ھەموو گەلی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی".