وەزیری دارایی، بڕیارێک سەبارەت بەدەرماڵەی هاندان دەردەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی رێژەی (10%)ی داهاتی كرێی كارەبا بۆ هاندانی ژمێركاران و وەزارەتی دارایی دەربڕی و رایگەیاند، کە نابێت بڕی هاندانەكە لە (٣٠٠) هەزار دینار زیاتر بێت.
بەپێی رێنمایی ژمارە (4)ی ساڵی 2018 كە لەچوارچێوەی بڕیارێکدا، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم واژۆی لەسەرکردووەو لەرۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، "رێژەی (10%)ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كارەبا لەپارێزگاكان بۆ مەبەستی چارەسەركردن و چاككردنەوەی تۆڕەكانی كارەباو هاندانی ژمێركاران و ستافی فرۆشتنی وزە لەچوارچێوەی یاساو رێنماییە كارپێكراوەكان، خەرجدەكرێت".
هەروەها بەپێی رێنمایەکە، رێژەی (2%) لەچوارچێوەی رێژەی (10%)ی داهاتەكە بۆ هاندانی ژمێركاران و ستافی فرۆشتنی وزە بۆ هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی دابەشكردنی كارەبا خەرجدەكرێت.
باس لەوەشکراوە، کە دەرماڵەی هاندان بۆ ژمێركاران (100 بۆ 150) هەزار دینار دەبێت، كە ئەویش بەپێی خوێندنەوەی رێژەكان لەهەر دەورەیەكدا خەرجدەكرێت.
وەزارەتەکە لەو بڕیارەیدا مەرجی ئەوەشی داناوە، كە نابێت دوو دەرماڵەی هاندان پێكەوە بۆ هەمان كەس خەرج بكرێت و بڕەكەشی بۆ هەر خولێک لە (300) هەزار دینار زیاتر نەبێت.