وەزارەتی خوێندنی باڵا بانگەشەی هەڵبژاردن لەزانکۆو پەیمانگاکان قەدەغە دەكات
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان و دامەزراوەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەکاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەدرێ لە نێو دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.
لە راگەیندراوێکدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردووەتەوە، کە بۆ هیچ زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژ و دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نییە ڕێگە بەکاندیدەکانی هەڵبژاردن بدات (وێبسایت، لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان، هۆڵەکانی کۆبونەوەکان، کافتریا و شوێنە گشتیەکانی زانکۆ و کۆلێژەکان، یان دیواری زانکۆکان) بەکاربهێنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەک کاندیدەکانی هەڵبژاردن کە مامۆستا بن یان هەر پلە و پێگەیەکی ئیدارییان لە ناوەندەکانی زانکۆ هەیە نابێ ڕێگەیان پێبدرێ پێگەکانیان لە ناوەندەکانی زانکۆ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان و لیستەکانیان بەکاربهێنن.
وەزارەتەکە جەختیشیکردووەتەوە، کە بەپێچەوانەوە، هەر کەس و لایەنێک و دامەزراوەیەکی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەر لیست و کاندیدک لە ناوەندەکانی زانکۆ بکات یان ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت سزا دەدرێ و ڕوبەڕوی یاسا و ڕێوشوێنە یاساییەکان دەکرێتەوە.