TR KU SO
FB X
Kurdistan

وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پلانی چوار ساڵەی ھاتوچۆ كۆدەبێتەوە

سارا
Yazar
📅 08 Eylül 2019 15:33

پەیامی کورد   ...   وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانی چوار ساڵەی كەرتی ھاتوچۆیە، بەرپرسێكی ھاتوچۆش ئاشكرای كرد، زیاتر لە سەد پڕۆژە ئامادە كراون و دەشڵێ، یاسای ھاتوچۆ ھەموار دەكرێتەوە.

عەقید ئەسعەد مەلا كەریم، بەڕێوبەری پلاندانانی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "دوای ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم پێك ھات و داوای پلانی چوار ساڵەیان كرد، بەڕێوەبەرایەتییەكانی ھاتوچۆ دەستیان بە ئامادەكاری كردووە و تا ئێستایش سەد پڕۆژە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی ھاتوچۆ ئامادە كراون، ئەمڕۆش لە وەزارەتی ناوخۆ كۆبوونەوە لەبارەی پلانی چوار ساڵەی ھاتوچۆ بەڕێوە دەچێت".

ئەو بەرپرسەی ھاتوچۆی ھەرێم دەشڵێت: "ھەر پارێزگایە و چەندین پڕۆژەی ئامادە كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی ھاتوچۆ، ھەر پڕۆژە و بڕیارێكیش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و كەرتی ھاتوچۆدا بێت، ئەوە لە بەرچاو دەگرین و دەخرێتە پلانی چوار ساڵەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

مەلا كەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە دەمانەوێت چەندین گۆڕانكاری لە كەرتی ھاتوچۆدا بكەین، ئەوەش لە پێناو سەلامەتی و رێكخستنی كەرتەكە".

لەبارەی ھەمواركردنەوەی یاسای ھاتوچۆی ھەرێم، عەقید ئەسعەد مەلا كەریم روونی كردەوە: "یاسای ھاتوچۆ ھەموار دەكرێتەوە و كار بۆ ھەمواری یاساكە دەكەین، بەڵام پێویستی بە ھەماھەنگیی نێوان ھەرێم و بەغدایە، چونكە ھاتوچۆ كەرتێكی گشتی گرینگە و زۆر خاڵی ھاوبەش ھەن، ھەروەھا بۆ ھەئەوەی خاڵی دژی تێدا نەبێت لەگەڵ یاساكەی بەغدا، لەگەڵ پەرلەمانی عێراق دانووستان دەكرێت و دواتر یاسای ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە ھەموار دەكرێتەوە".

Paylas: