TR KU SO
FB X
Kurdistan

وەزارەتی پێشمەرگە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی هەرێمی کوردستان دروستدەکات

Navas Jan
Admin
📅 04 Ocak 2022 13:53

پەیامی کورد … وەزارەتی پێشمەرگە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی هەرێمی کوردستان دروستدەکات

ڕۆژی دووشەممە وەزیری پێشمەرگە و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی داڕشتنی میدیایەکی سەربازیانەی نیشتمانی و شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگەیان کرد.

کۆبوونەوەکە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە بەئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی جوتیار عادل بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، جەختکرایەوە لەسەر هەماهەنگی و کاری هاوبەشی میدیایی، بۆ ڕێکخستنەوەی ڕاگەیاندنی سەربازی بەگشتی و میدیای فەرمیی وەزارتی پێشمەرگە بەتایبەتی، هاوکات بڕیاری قەدەغەکردنی میدیاکان بۆ ناو بەرەکانی جەنگ و میحوەرەکانی پێشمەرگە بەهەنگاوێکی گرنگ باسی لێوەکرا.

شۆڕش ئیسماعیل ڕایگەیاندووە، بڕیاری قەدەغەکردنی میدیا بۆ ناو بەرەکانی جەنگ و لێدوانی فەرماندە و بەرپرسانی سەربازی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر فەرماندە و یەکەیەک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی سزای سەربازی دەکەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە نوسراوی فەرمییان ناردووە بۆ  وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ ئیجرائاتی یاسایی و ئیداریی پێویست، لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

وەزیری پێشمەرگە وتیشی، ئەو بڕیارەیان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی نیە، بەڵکو ڕێکخستنەوەیەتی و لە قازانجی پێشمەرگه و ئاسایشی نەتەوەکەمان دایە.

لەلایەکی دیکەوە جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، جەختیکردەوە لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەت، بۆ سەرخستنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی، کە دەرکراون بۆ کاری هاوبەش.

هەروەها دەستخۆشیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە پڕۆژەی ستراتیژی میدیا و هۆشیارییان تەواوکردووە و لە ئێستاشدا، وەک هەنگاوی یەکەم شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە قۆناغی تەواوبوون دایە،  هەروەها بۆ دروست کردنی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی هەرێمی کوردستان، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا، هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستی چالاک کردنی ئەو شانەیە.

Paylas: