ووڵامێکی گرینگ لە سەرۆکی پەرلەمانەوە
پەیامی کورد ... ووڵامێکی گرینگ لە سەرۆکی پەرلەمانەوە .
سەرۆکی پەرلەمان ووڵامێکی گرینگ دەداتەوە ئەو پەرلەمانتارانەی داواکارییەکیان لە سەر سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی ئاراستە کردبوو
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ووڵامی داواکاری پەرلەمانتارانی لەبارەی بانگهێشتکردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی و ئابووری دایەوە و رایگەیاند، یاداشتی پرساندن ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت نەک سەرۆکایەتی.
لەنووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی عەبدۆلستار مەجیدی کردوە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندوە، بەپێی بڕگەی یەکەم لەماددەی ٧٠ی پەیڕەوی ناوخۆ یاداشتی پرساندن ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت نەک سەرۆکایەتی، بۆیە بفەرمون بە ئاراستەکردنی یاداشت بۆ سەرۆک یاخود جێگری سەرۆک وەزیران یاخود وەزیری دارایی بە سێ یاداشتی جیا بۆ سەرۆکی پەرلەمان.
رێواز فایەق ئەوەشی روونکردوەتەوە، داواکاری پرساندن دەبێت بەڵگە و زانیاری و بەڵگەنامەی لەسەر بابەتی پرساندنەکە هاوپێچ بکرێت کە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت، بۆیە بفەرموون زانیاری و بەڵگەنامەکانی بەردەستتان هاوپێچ بکەن.
هەر لەو ووڵامەدا رێواز فایەق باسی لەوەکردوە، لە دەروازەی چاودێریکردندا لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئامرازەکانی چاودێریکردنی حکوومەت دیاریکراوە کە خۆی لە (پرسیارکردن، خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆی نێوان پەرلەمان و حکومەت، پرساندن، لێسەندنەوەی متمانە) دەبینێتەوە، بۆیە بفەرموون ئەگەر سەبارەت بەناوەڕۆکی یاداشتتان پرسیارتان ئاراستەی سەرۆک وەزیران یان جێگری سەرۆک وەزیران یان وەزیری دارایی کردوە هاوپێچی یاداشتەکەی بکەن.
پێشتر ژمارەیەک لە ئەندامی فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان داوایانکردبوو، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن بەمەبەستی پرساندن.