TR KU SO
FB X
Kurdistan

ڕوونکردنەوەیەک لە لایەن ووتە بێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سارا
Yazar
📅 02 Şubat 2020 19:45

پەیامی کورد    ...    لە ڕوونكردنەوەیەكدا جووتیار عادل، ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گرانبوونی نرخی غاز لە ھەولێر و دھۆك رایدەگەیەنێت "لە لایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات ، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە".

دەقی روونكردنەوەی ووتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، وەک ووڵامدانەوە بۆ داواکاریی ڕەوای هاووڵاتییان لە ئەنجامدانی چاکسازی و گرتنەبەری شەفافییەت لە کاروباری حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبەستی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان و بە پێی پرۆسەی بەتەندەرکردن بێت. لەم چوارچێوەیەدا بابەتی گواستنەوەی گاز لە کۆمپانیای داناگازەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم، کە لە لایەن کۆمپانیایێکەوە قورخ کرابوو، کرایە تەندەر و دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەرچوو و بڕیار بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەکار ببێت، بەڵام لە لایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات ، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە.

 لەم دوو رۆژەی ڕابردووشدا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە. وێڕای ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەم کێشەیە، دڵنیایان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی چاکسازی پاشگەز نابێتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخکاران و مافیاکان ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

 

جووتیار عادل ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Paylas: