ڕوونكردنەوەیەك لە دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجووومەنی وەزیرانەوە
پەیامی کورد ... ڕوونكردنەوەیەك لە دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجووومەنی وەزیرانەوە
دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، هەندێک نووسراوی حکوومەت بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە کە گوایا نایاسایین و گەندەڵییان تێدا کراوە، "ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە".
دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە چەند سایتێکدا هەندێک نووسراوی حکوومەت بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە کە گوایا نایاسایین و گەندەڵییان تێدا کراوە، بەداخەوە دیارە ئەوانەی ئەم هەواڵەیان بڵاوکردوەتەوە هیچ ئاگادارییەکیان لە بارەی یاسا و دامەزراندنی حکومییەوە نییە ئەگینا نەدەکەوتنە ناو ئەو هەڵە زەقەوە، ئێمە سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە "هەمویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە"، بەپێی پەیڕەوی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی پێویست بۆیان هەیە چەند راوێژکارێک دابمەزرێنن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان.
دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەشکردوە، "پۆستی ئەو بریکاری وەزیرانەی ناویان هاتووە، لە یاسای وەزارەتەکان و یاساکانی دیکەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ (شاغر) بوون، بۆیە پێویست بۆ پڕ بکرێنەوە".
ئەوەشی خستەڕو، لەم کابینەیەدا، دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنیا لە کاتی پێویستیدا فەرمانبەر دادەمەزرێت، هاوکات کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی بابەتی فەرمانبەری پلەباڵای (معوم)ە، "ئەمەش بەڵگەیەکی روونی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی پلە باڵاکان لە میلاکی گشتیدا".
دەقی ڕوونكردنەوەكەی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران:
ڕوونكردنەوەیەك لە دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجووومەنی وەزیرانەوە
لە چەند سایتێکدا هەندێک نووسراوی حکوومەت بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە کە گوایا نایاسایین و گەندەڵییان تێدا کراوە ! . بەداخەوە دیارە ئەوانەی ئەم هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە هیچ ئاگادارییەکیان لە بارەی یاسا و دامەزراندنی حکوومییەوە نییە ئەگینا نەدەکەوتنە ناو ئەو هەڵە زەقەوە. ئێمە لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەت دەکەینەوە، بە پێویستیشی دەزانین ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە :
یەکەم: ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە.
دووەم: بە پێی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە پێی پێویست بۆیان هەیە چەند ڕاوێژکارێک دابمەزرێنن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان.
سێیەم: پۆستی ئەو بریکاری وەزیرانەی ناویان هاتووە، لە یاسای وەزارەتەکان و یاساکانی دیکەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ ( شاغر) بوون، بۆیە پێویست بوو پڕ بکرێنەوە.
چوارەم: لەم کابینەیەدا، دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنیا لە کاتی پێویستیدا فەرمانبەر دادەمەزرێت.
پێنجەم: کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی بابەتی فەرمانبەری پلەباڵای (معوم)ە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی پلە باڵاکان لە میلاکی گشتیدا.
هیوادارین دەزگاکانی ڕاگەیاندن پیشەییانە مامەڵە بکەن و لە پێناو مەبەستی تایبەتیدا، چەواشەکاری نەکەن.
دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران
2020/8/10