٦ گەریلای کۆدار لە نزیک سنە گیانیان لە دەستدا کە ٢یان ئەندامی سەرکردایەتین
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان " کۆدار " ، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک گیان لە دەست دانی سێ ئەندامی خۆی کە دوو کەسیان ئەندامی سەرکردایەتین ئەو حزبە بوون، پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیندراوە کە لە فورات نیوز بڵاو کراوەتەوە ، گیان لە دەست دانی ئەو سێ گەریلایە لە تێکهەڵچوونی حەفتەی ڕابردووی نزیک سنە پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، ئێوارەی ڕۆژی هەینی " ٧ی سێپتامبری ٢٠١٨ " ، گرووپێکی گەریلاکانی پژاک لە ناوچەکانی " پیرباخ " ی کامیاران سەر بە پارێزگای سنە کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و لە ئاکامدا ٦ گەریلا گیانیان لە دەستداوە .
پژاک تەنیا ناسنامەی سێ کەس لەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست داوە بڵاو کردەووەتەوە کە بەم شێوەیەیە؛
١ـ جەماڵ ڕەحمانی، خەڵکی کامیاران و ئەندامی ئەنجومەنی ڕێبەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان " کۆدار"
٢ـ ڕەئووف ئیبراهیمی خەڵکی سنە و ئەندامی ڕێبەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان " کۆدار"
٣ـ شەریف ئەمینی خەڵکی سەردەشت
هەروەها پێشتر ڕاگەیندرابوو کە تەرمی ئەو ٦ گەریلایە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ سنە گوازراوەتەوە.