پارێزگاری هەولێر: با ڕۆژی ئاڵا بكەینە رۆژی پێكەوە كاركردنی لایەنە سیاسیەكان
پەیامی کورد … پارێزگاری هەولێر: با ڕۆژی ئاڵا بكەینە رۆژی پێكەوە كاركردنی لایەنە سیاسیەكان
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە رۆژی بەرزراگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر قەڵای هەولێر رایگەیاند، با رۆژی ئاڵا بكەینە رۆژی برایەتی و پێكەوە كاركردنی هێز و لایەنە سیاسیەكان، بۆ بەهێزبونەوەی كورد لەبەغداد لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكان.
ئومێد خۆشناو لە وتەیەكدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكان و بناماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تێكۆشەران دەكەن، كە بە هەر جۆرێك بێت بونەتە هۆكاری مانەوەی ئاڵای كوردستان بە بەرزی، سڵاویش بۆ رۆحی شەهیدان دەنێرین كە بە خوێنی ئەوان كوردستان لە ئازادیدا ژیان دەكات، ئومێدی زۆریش هەیە بە تەواوی مافەكانی خۆمان بگەین.
پارێزگاری هەولێر لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوەكرد، با رۆژی ئاڵا بكەینە رۆژی برایەتی و پێكەوە كاركردنی هێز و لایەنە سیاسیەكان، ئەوەش بۆ بە هێزبونەوەی كورد لەبەغدا بە تایبەت ئێستا نزیك دەبینەوە لەپێكهێنانی حكومەتی عیراق.
جەختی لەوەش كردەوە، داوای خەڵكی كوردستانیش ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردن لەپێناو بەهێزی كوردستان و گەیشتن بە ئامانجەكان و دژی ئەو پێشێلكاریانەی لە رووی دەستور و یاساوە بەرامبەر كورد دەكرێت، هێز و لایەنەكان یەك گوتار و یەكڕیزبن.