پارێزگاری هەولێر: ئەوانەی لە نەخۆشخانەی كۆرۆنا گرتە ڤیدیۆییەكەیان بڵاوكردۆتەوە دەدرێنە دادگا
پەیامی کورد ... پارێزگاری هەولێر رایگەیاند زۆرترین پشكنینی ڤیرووسی كۆرۆنا لەسەرئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق لەشاری هەولێر ئەنجامدراوە و دۆخەكەش لەژێر كۆنترۆڵدایە.
دوای درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی شەش رۆژی دیكە، ئێوارەی هەینی 10-4-2020 فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا بڕیار و رێنمایی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راگەیاند و ووتی "لەسەرئاستی هەرێمی كوردستان 16 هەزار و 350 پشكنین ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە 11 هەزار و 400 پشكنین لەپارێزگای هەولێر ئەنجامدراوە، زۆری پشكنینەكانیش لە پارێزگای هەولێر دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ژمارەیەكی زۆری ئەوانەی لە ئێران و ووڵاتانی دەرەوە گەڕاونەتەوە، لە هەولێر كەرەنتینكراون و پشكنینیان بۆ كراوە، ئەو كەسانەشی لە دەرەوەی هەرێم گەڕابوونەوە و پشكنینیان بۆ كرابو دوبارە پشكنینیان بۆ ئەنجامدرایەوە بۆ دڵنیایی زیاتر، پشكنینیش بۆ بازنەی یەكەم و دووەمی تووشبووان ئەنجامدراوە، واتە خزمە نزیك و دراوسێ و دەورووبەری تووشبووان پشكنینیان بۆ كراوە".
ووتیشی "دوای درێژكردنەوەی شەش رۆژ بۆ قەدەغەی هاتووچۆ، بڕیاردرا لە كاتژمێر شەشی ئێوارە تا 12ی شەو قەدەغەی هاتووچۆی تەواو هەبێت تەنها بۆ تیمەكانی تەندرووستی و هێزە ئەمنییەكان و راگەیاندن رێگ كراوەو دەبێت، بە مەرجێك لەكاتی ئەركدا بن".
هەروەها پارێزگاری هەولێر روونیكردەوە، لە كاتژمێر 12ی شەو تا كاتژمێر 6ی بەیانی گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گازی مۆلیدە و گۆڕەپانی گازفرۆشان و پزیشك و كارمەندانی ڤێتێرنەری و پرۆژەی كشتوكاڵی و باخداری و هەنگەوان و خاوەن و كارپێكەری مۆلیدە و بریكارانی خۆراك دەتوانن هاتوچۆ بكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە كاتژمێر 6ی بەیانییەوە ئۆتۆمبێلی گازفرۆشی ماڵان و گواستنەوەی ماست و شیر و فەرمانبەرانی دارایی و گەنجینە و بانكەكان و ئۆتۆمبێلی هەڵگرانی مۆڵەتی فەرمی كشتوكاڵ و گواستنەوەی دەرمان لە كۆگاكان بۆ دەرمانخانەكان و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی خۆراك و پێداویستی و كۆمپانیاكانی دیلیڤەری و پۆست و سەربڕخانە دەتوانن هاتووچۆ بكەن.
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر جەختیكردەوە، بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و داوا لە هاووڵاتیان دەكەن ئەو شەش رۆژە هاوكار و هەماهەنگ بن بۆئەوەی مەترسی ئەو پەتای كۆرۆنایە لە هەرێمی كوردستان دووربكەوێتەوە.
لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەشی لە نەخۆشخانەی رزگاری تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكراوەتەوە، فرسەت سۆفی ووتی "ئەوانەی ئەو ڤیدیۆیەیان بڵاوكردۆتەوە، دەیاندەینە دادگا، چوونكە ئەوە سووكایەتییە بە دامەزراوە تەندرووستییەكانی دەكەن".