پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند
پەیامی کورد... پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند
دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا.
دوای هەڵسەنگاندنی یاسایی لەلایەن لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی کانوونی دووەم)، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند.
میر حازم بەگ، میری ئێزدیان لەوبارەیەوە رایگەیاند، "تا ئێستا 12 وڵات دانیان بە جینۆسایدی ئێزدیان داناوە" و بڕیارە 19ـی ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە مەبەستی داننان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، پێشوازیمان لێبکرێت.
لە کاتی پەلاماردانی شنگال لەلایەن داعش، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵاوی جینۆسایدکردن و شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی و لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوە رفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە سێ هەزار و 562 کەسیان رزگاربکرێت و ئەوانی دیكه تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.
هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ 83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونهتهوه و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی لەناوبردن و وێرانیانکردن.