پەرلەمان نووسراوێک ئاراستەی حکومەت دەکات
سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2018.5.7، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی کردنەوەی خولی گرێدانی بەهارەی ئەنجامدا و سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند نوسراوێک ئاراستەی حکومەت دەکەن بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەکان.
وەک لە کارنامەکەدا هاتبوو، سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان جەعفەر ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتارێکی پێشکەشکرد، ئێمینکی هیوای خواست هاوڵاتیانی هەرێم بە گەرمی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 12ی ئایاردا بکەن و دەنگ بە لیستە کوردییەکان بدەن.
ئێمینکی وتیشی، هەوڵدەدین لەو ماوەیەکی کە ماومانە، بەهەماهەنگی لە گەڵ حکومەت، وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریبکەین و لەو بارەیەوە لەگەڵ حکومەت کۆدەبینەوە.
جێگری سەرۆک پەرلەمان وتیشی: ئەمڕۆ نوسراوێک لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانەوە ئاراستەی حکومەت دەکەین.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تەنها کاتژمێریکی خایاند و دواخرا بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق.