پەرلەمان و حكومەت لەبارەی پرۆسەی چاكسازییەوە كۆدەبنەوە
پەیامی کورد … پەرلەمان و حكومەت لەبارەی پرۆسەی چاكسازییەوە كۆدەبنەوە
سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی و سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و لەگەڵ لیژنەی دەستپاكی گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازیی لەلایەن حكومەتەوە دەكەن.
حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لە پارتی ڕاگەیاند: كاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ عەبدولحەكیم خەسرۆ، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلایەن لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستانەوە میوانداری كراون و وەڵامی چەندین پرسیاری لیژنەكە لەبارەی چاكسازیی دەدەنەوە.
حاكم ئەحمەد ئەنوەر وتی: لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی دووەمی ھەنگاوەكانی یاسای چاكسازی دەكەن لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستانیش ژمارەیەك تێبینی و پرسیاریان ھەیە لەسەر ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاساكە.
رۆژی 26ی نیسانی2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای چاكسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان رادەستی پەرلەمان كرد.
پرۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانی دیكە، لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسندكرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵك لە مووچە و خانەنشینی پلەباڵاكان و كەمیی مووچەی خانەنشینی فەرمانبەران پرۆژەكە گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت.