TR KU SO
FB X
Kurdistan

"پارتی بڕوای تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسین هەیە و خەباتی بۆ دەکات"

📅 01 Mayıs 2018 21:05

 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، پارتی لە مەیدانی خەباتدا چەقیوە و چیای سەفینە. ڕایشیگەیاند، پارتی لێرە و لە بەغدا و جیهانیش، باوەڕی بە مافی چارەی خۆنووسینە بۆ کوردستان و خەباتی بۆ دەکات.



جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە نێو جەماوەری پارتی لە شەقڵاوە گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکدا بە شیعرێکی مامۆستا هەژار دەستی پێ کرد، کە باسی سەفین دەکات و باسی لەوە کرد، چۆن مامۆستا هەژار دەڵێ کورد لە مەیدانی خەباتدا چەقیوە و سەفینە، ئەمڕۆیش ئێمە وەک پارتی دەڵێین: "ئێمە لە مەیدانی خەباتدا چەقیوین و سەفینین."

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، 10 ڕۆژی دیکە وادەی هەڵبژاردنە، بۆیە داوای لە لایەنگرانی پارتی کرد بە گوڕوتینەوە کار بکەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: "خەڵکی کوردستان دەزانن ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی باشترە و سەقامگیریی زیاتریان بۆ بەرقەرار دەبێت و ئایندەیان باشتر دەبێت. پارتی بۆ پاراستنی دەستەکەوتەکانی کوردستان و مانەوەی قەوارەی دەستووری و کیانی هەرێمی کوردستان و بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ گەنجانی کوردستان دەچێتە بەغدا، نەوەک بۆ شەڕی ململانێی بێمانای سەر تیڤییەکان."

نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە جەماوەری کوردستان کە: "کوردستان لە بەغدا پێویستی بە پارێزەرێکی سەرخستنی وەک پارتی هەیە کە تەنیا لە پێناو کوردستان خەبات بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان مافەکانی گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتە ئیتنی و نەتەوەییەکان دەپارێزێ، پارتی لە هیچ گوشارێک ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی کوردستان بکات لە هەر شوێنێک."

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی: "دەمەوێ لەو ڕۆژەدا لە دامێنی چیای سەفیندا بەو خەڵکە بڵێین، پارتی بڕوای تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسین هەیە و لێرە و لە بەغدا و لە جیهان خەباتی بۆ دەکات، پارتی بە پلانەوە دەچێتە بەغدا، بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە کە پارتی بە سەنگەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکات."

لە کۆتایی گوتارەکەدا گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێ هێزەکانی کوردستان لە بەغدا یەکدەنگ بین و ئەگەر کێشەیەکیشمان هەبێ لە کوردستان لە نێو ماڵی خۆمان چارەی بکەین، ئیمە دەمانەوێ پێکەوە لە بەغدا بە هەموو کوردستانییەکانەوە لە بەغدا بەرگری لە کوردستان بکەین."

Paylas: