TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆک بارزانی بەشداریی ئیڤێنتێکی تایبەت بە نوای ئارام دەکات

Navas Jan
Admin
📅 27 Nisan 2021 13:47

پەیامی کورد … سەرۆک بارزانی بەشداریی ئیڤێنتێکی تایبەت بە نوای ئارام دەکات

 

سەرۆك بارزانی بەشداریی ئیڤێنتێکی تایبەت بە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی نوای ئارام، دەکات.

 

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، رایگەیاندووە: رۆژی چوارشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢١، سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری ئیڤێنتێکی تایبەت بە دروستکردنی نوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان، دەکات.

 

ئیڤێنتەکە کاتژمێر ٥ی ئێوارە بە کاتی هەولێر لەرێگەی ئۆنڵاینەوە بەڕێوە دەچێت و جگە لە سەرۆک بارزانی، هەریەکە لە جەیمس بیکەر، هۆشیار زێباری، جۆن ئەبیزەید و برێت مەکگۆرک بەشداریی تێدا دەکەن.

 

رۆژی ٥ی نیسانی ١٩٩١، دوای نزیکەی مانگێک لە راپەڕینی گەلی کوردستان لە دژی رژێمی بەعس، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی پەسەند کرد.

 

بەپێی بڕیاری ژمارە ٦٨٨، وڵاتانی فەرەنسا، ئەمریکا و بەریتانیا هێڵی ٣٦یان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دیاری کرد، کە بە نوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان ناسرا و بەهۆیەوە رژێمی بەعس نەیتوانی چیتر لەو هێڵە بپەڕێتەوە و هێرش بکاتە سەر گەلی کوردستان.

 

بڕیارەکە لەکاتێکدا درا، کە فەرەنسا سەرۆکایەتیی خولی ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرد.

 

چوار وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (فەرەنسا، ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت-رووسیای ئێستا- و بەریتانیا) و وڵاتانی ئەندامی ناهەمیشەیی ئەوکاتی ئەنجوومەنەکە (نەمسا، بەلجیکا، ساحلولعاج، ئیکوادۆر رۆمانیا و زائیر-کۆنگۆی دیموکراتیی ئێستا-) بە بەڵێ دەنگیان بە بڕیارەکە دا و وڵاتانی یەمەن، زیمبابۆی و کوبا دژی بڕیارەکە دەنگیان دا و وڵاتانی هیندستان و چینیش دەنگیان نەدا.

Paylas: