سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەکات
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەکات
ئەمڕۆ هەینی 2020/7/17 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا تاووتوێ کران.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، هاتووم بۆ ئەوەی پشتگیری ووڵاتەکەم بۆ هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە بەتایبەتی لەم ڕۆژە سەختانەدا. ووتیشی فەڕەنسا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمڕووەوە پسپۆڕانی فەڕەنسی ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێم لە بواری کشت وکاڵی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هەروەها بە ناوی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن، بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کرد بۆ سەردانی فەڕەنسا لە دەرفەتێکی گونجاودا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسای کرد لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستاندا. پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت تیشکیان خستە سەر دەرەنجامی گفتوگۆکان لە گەل حکوومەتی فیدراڵی و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەڕەنسا دەتوانێ رۆڵی ئەرێنی خۆی لە یەکنزیكکردنەوەی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. ووتیشی ئێمە داوای هیچ شتێکمان نەکردووە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و هەر شتێکیش ڕەت دەکەینەوە کە کەمتر بێت لە مافە دەستوورییەکانمان .